ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی بەفرانبار (١٣ی ژانڤییە) باپیر بەرزە، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی پیرانشار، دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ٢٣ی بەفرانبار (١٣ی ژانڤییە) ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی لقی یەکەمی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی پیرانشار، دەستبەسەر کراوە و بۆ جێبەجێکردنی سزای ٤ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەمیر ئوجاقلوو بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

باپیر بەرزە پێشتر و لە گوڵانی ئەمساڵدا (مەیی ٢٠٢٣) لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا قەهرەمانیی ساعەتلوو بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشی» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە بشێوە و ئاژاوەدا» و «ئاژاوەنانەوە لەگەڵ بەزاندنی ڕێساکاندا لە پێناو ئامانجەکانی گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» بە گشتی سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی «چیانە»ی پیرانشار لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە جادەی «پسوێ» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. پاشان لە ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٢٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کراوە و لە ڕەزبەری ١٤٠٠دا (سێپتامبەری ٢٠٢١) دوای ساڵێک بەندکران لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.