ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەشەمە (٣ی مارس) سلێمان عەبدی، مامۆستای کورد و ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-سەقز، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سلێمان عەبدی پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ئەم مامۆستا کوردە لە دۆسیەیەکی تر و لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (١٤ی جولایی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە گردبوونەوەی نایاسایی گۆڕستانی ئایچیدا، لە لایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەریی دووی سەقزەوە سزای ٨ مانگ بەندکران و ٧٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو.

دادگاکە سزای ٨ مانگ بەندکرانەکەی گۆڕیبوو بۆ «٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بە هەژارانی سەر بە کۆمیتەی ئیمداد» و سزای ٧٠ قامچییەکەیشی بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەساردبوو.

سلێمان عەبدی، مامۆستای کورد و ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-سەقز، ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١٩ی مارسی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم مامۆستایە لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (١٠ی ئاوریلی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ئەم چالاکە پیشەییە کوردە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١دا (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٢) لەبەر چالاکییە پیشەییەکانی دەستبەسەر کرابوو و لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕدا (٢٥ی ژوەن) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.