به پێی زانیارییه‌كانی تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی شه‌ممه ٢٥ی ڕێبه‌ندان(١٢ی فیبریه)، سێ چالاكی مه‌ده‌نیی كورد به ناوه‌كانی شه‌پۆل خزری، حوسێن گه‌ردشی و فه‌رهاد موساپوور دوای ته‌واو بوونی لێپرسینه‌وه‌كان له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ده‌زگای ئیتلاعاتیی سپای ورمێوه ڕه‌وانه‌ی زیندانی ناوه‌ندی ئه‌م شاره كران. ئه‌م سێ كه‌سه ئێستا له به‌ندی زیندانیانیی سیاسی ڕاگیراون.
هه‌روه‌ها ڕۆژی سێشه‌ممه ٢١ی ڕێبه‌دان(٩ی فیبریه)، دوو چالاكی ده‌ستبه‌سه‌ركراوی تر به ناوه‌كانی سیروان نووری و سۆران حوسێن زاده له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپاوه گواستراونه‌ته‌وه بۆ قه‌ره‌نتینه‌ی زیندانی ورمێ.
له ڕێكه‌وتی ٢٠ی به‌فرانبارەوە (٩ی ژانویه) شه‌پۆلی نوێی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی به‌ربڵاوی هاووڵاتییان و چالاكانی كورد له ١٣ شاری جۆراوجۆری ئێران‌دا له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وه‌زاره‌تی ئیتلاعاته‌وه ده‌ستی پێ كردوه‌و هێشتا درێژه‌ی هه‌یه. له درێژه‌ی ئه‌م دهستبهسهركردنانهدا كه زیاتر به‌شێوه‌ی به‌كۆمه‌ڵ بووه،زیاتر له سه‌د كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، ناوی ٩٤ كه‌س له‌م كه‌سانه له لایه‌ن تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانه‌وه پشتڕاست كراوه‌ته‌وه. له‌م كه‌سانه ئێستا ١٢ كه‌س به‌دانانی بارمته‌ئازاد كراون و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی تر هێشتا له ده‌ستبه‌سه‌ر گهئهمنییهكانی شاره‌كانی ورمێ، سنه و مه‌ریوان ڕاگیراون.