سەیدمحەممەد حسەینی، زیندانی سیاسیی کورد بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بەسەردا سەپا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی جۆزەردان (٢٥ی مەی) سەیدمحەممەد حسەینی بانگ کراوەتە بەردەم ئیجرای ئەحکامی زیندانی نەغەدە و سزای٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بە فەرمی پێ ڕاگەیەنراوە.

دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی گوڵاندا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد غوڵامی بەڕێوە چووبوو.

سەیدمحەممەد حسەینی، خەڵکی نەغەدە، ساڵی ١٣٩٦ دوای جیابوونەوە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە وەرگرتنی «ئەماننامە» لە سپای پاسداران، هەرێمی کوردستانی بەجێ هێشت و گەڕایەوە بۆ ئێران، بەڵام دوای چەند مانگ دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا بەبێ دەرکردنی هیچ جۆرە حوکمێکی یاسایی، سەرەتا لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و دواتریش لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.

پێشتر و لە ٢٢ی گوڵاندا زیندانییەکی سیاسیی کوردی دیکە بە ناوی محەممەد مورادی بە تۆمەتێکی هاوشێوە حوکمی٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بەسەردا سەپابوو.