بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە هێرشی هێزەکانی گاردی زیندانی ناوەندیی کەرەجدا بۆ سەر بەندکراوانی ناڕازیی ئەم زیندانە، لانیکەم یەک کەس کوژراوە و زیاتر لە ٥٠ بەندکراوی دیکەیش بریندار بوون.

ناڕەزایەتییەکانی ئەم زیندانە ئەمڕۆ ٢٦ی سەرماوەز (١٧ی دێسامبر) دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە هێزەکانی زیندان دەیانویست چەند زیندانییەکی مەحکووم بە ئێعدام بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان لە هۆڵی ٤ی زیندانی ناوەندیی کەرەجەوە بگوێزنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

ئەم ناڕەزایەتییانە کە بە وتنەوەی دروشمی دژ بە حکوومەت لە لە هەواخۆری «حەوشە»ی هۆڵی چوارەوە دەستی پێ کرد، زۆر خێرا بەندەکانی تریشی گرتەوە و بە هۆی هێرشی هێزەکانی گاردی زیندان و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژەوە ناڕەزایەتییەکە بەرەو توندوتیژی برا. ئەو هێزانە بە گوللەی ساچمە و گوللەی شەڕ دەسڕێژیان لە بەندکراوانی بەندە جیاوازەکان کرد کە لە ئەنجامدا تا ئێستە هەواڵی کوژرانی لانیکەم یەک بەندکراو و برینداربوونی زیاتر لە ٥٠ بەندکراوی‌تر بڵاو بووەتەوە.

لەم دەسڕێژەدا گوللەی ساچمە بەر چاوی چەندین زیندانی کەوتووە و بە قورسی بریندار بوون.

دەوترێت دۆخی زیندانەکە تا ئێستەیش هەر ئەمنییە و دوابەدوای هێرشی هێزەکانی گاردی زیندان بە دەیان بەندکراو ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکان کراون.

هەوڵدەریی ئیسنا لە زاری سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ئەلبورزەوە بەم چەشنە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ زیندانەکەی گێڕاوەتەوە: «دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە) لە نێوان بەندکراوانی بەندی مادە هۆشبەرەکانی زینداندا تێکهەڵچوونێکی بچووک ڕووی دا کە لەم تێکهەڵچوونەدا ژمارەیەک لە زیندانییەکان لە هەواخۆریی زیندانەکەدا چەند بەتانییەکیان سووتاند».

ئەم بەرپرسە دادوەرییە لە درێژەدا وتوویەتی: «لەم ڕووداوەدا یەک لە زیندانییەکان بە هۆی فڕێدانی بەرد لە لایەن زیندانییانی‌ترەوە گیانی لەدەست داوە و چەند بەندکراوێکی‌تریش بریندار بوون کە لەبەر سووکبوونی برینەکانیان هەر لە نەخۆشخانەکەی خودی زینداندا کاری پزیشکیی پێویستیان بۆ ئەنجام دراوە».