بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژ (١٨ی ئاگۆست) سوعدا خەدیرزادە، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی چارەنووسی نادیاری خۆی و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا، لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. ناوبراو لەگەڵ کۆرپەکەیدا براونەتە نەخۆشخانەکەی زیندان و دەوترێت لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە پێش هەوڵی خۆکوشتنەکە حەبی داوەتە کۆرپەکەیشی، بەڵام ئەم بابەتە تا ئێستا لە لایەن سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

سوعدا خەدیرزادە لە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ئەمساڵدا (٢٢ی ژوەنی ٢٠٢٢) دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی سزارییەن و بەدونیاهێنانی کۆرپەکەی، بەبێ تەواوکردنی قۆناعەکانی دەرمان گەڕێنرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ. هێزەکانی زیندان لە نەخۆشخانەدا دەست و پێی ناوبراویان بە تەختەکەوە بەستبۆوە کە ئەمە ببووە مایەی ناڕەزایی بەڕێوەبەران و پێرسنلی نەخۆشخانەکە.

ناوبراو لە مانگی گوڵان (مەی)ی ئەمساڵدا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆخی نادیاری خۆیدا لە زیندانی ورمێ بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو و لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ ئازادکردنی کاتیی بە دانانی بارمتە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو، بەڵام تا ئێستا دادگای مەهاباد بە هۆکاری نادیار ئامادە نەبووە بە شێوەی کاتی ئازادی بکات.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دووگیانبووندا هاوکات نەخۆشیی گورچیلە، دڵ و دیسکی کەمەر (فەقەرات)یشی هەبوو و بە درێژایی ئەم ماوەیە لە چاودێری و خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی بێبەش کراوە.

سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی پێنجشەممە‌ ٢٢ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٠ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ. ناوبراو دوای ١٢ ڕۆژ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و هەنووکە لە بەندی ژنانی ئەم زیندانەدایە.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشتر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندبوو کە سوعدا خەدیرزادە لە ساتی دەستبەسەربوونەوە هیچ کات مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە. دەستبەسەرکردنی ناوبراو پێچەوانەی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە و بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە سەرەڕۆیانە لە قەڵەم دەدرێت، چونکوو بەبێ ئاگاداربوون لە هۆکارەکانی دەستبەسەربوون بۆ ماوەیەکی درێژ لە حاڵەتی دەستبەسەربوونی کاتیدا ماوەتەوە و لە مافی دیاریکردن و بەهرەمەندبوون لە پارێزەریش بێبەش کراوە.

بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ٤ ژووری سەربەخۆی ٣٦ تەختیی هەیە کە ئێستاکە لە هەر ژوورێکدا لانیکەم ٤٠ زیندانی دەژین. بە هۆی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری تازەوە زیندانییانی ژن نزیکەی ٢٢ کاتژمێری ڕۆژ لەم ژوورە بچووکانەدا دەمێننەوە کە ژمارەیەکی زۆری زیندانییان تێدایە و کەرەستەی هەواگۆڕینیشیان نییە.

ئەگەر لە ئێراندا دەژین و بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە، پێش ئەوەی دەست بدەنە هەر کارێک لەگەڵ یەکێک لەم ژمارانەدا پێوەندی بگرن: ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی: ١٢٣، ئۆرژانسی شاری: ١١٥، دەنگی ڕاوێژکار: ١٤٨٠، ئۆرژانسی دەروونپزیشکیی تاران: ٤٤٥٠٨٢٠٠.