شەوی ١٨ی گوڵان (٨ی مەی) زیندانییەکی خەڵکی هەرسینی پارێزگای کرماشان بە ناوی سامان دەروێشی بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی زیندانی تارانی گەورەوە (فەشافوویە) گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە ٣١ ساڵەیە کە لە نزیکەی ساڵێک لەمەوپێشەوە بە تۆمەتی دزی دەستبەسەر کرابوو، شەوی ١٨ی گوڵان (٨ی مەی) لە تیپی دووی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) کەوتووەتە بەر پەلامار و ئەشکەنجەی هێزەکانی زیندانەوە و کوژراوە.

دەوترێت ئەم زیندانییە لە یەک ساڵی ڕابردوودا چەند جاری تریش بە بیانووی ئەوەی لە کاتی دەستبەسەرکراندا ئەندامێکی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامیی بریندار کردبوو، کەوتبووە بەر پەلار و لێدانی هێزەکانی زیندان.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ١٤٠١دا (٢١ی مارسی ٢٠٢٢ تا ٢١ی مارسی ٢٠٢٣) لانیکەم ١٧ هاووڵاتیی کورد بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کوژراون یاخود لەژێر گوشارەکانی ناو زینداندا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.