لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادەدا، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان لەم شارەدا و ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادەی باوک و خوشکی ئەم گیانبەختکردووەیان دەستبەسەر کرد و گواستنیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ (٣٠ی جولای) بنەماڵەی حەسەنزادە سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان و وێڕای پەلاماردان و لێدانی ئەندامانی بنەماڵەکە، ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادەی کچیان دەستبەسەر کرد.

دەوترێت دایە عەزیمە، دایکی محەممەد حەسەنزادە، لە هێرشی هێزە ئەمنییەکاندا کەوتووەتە بەر پەلامار و بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانەی قولیپووری بۆکان کراوە.

ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.

محەممەد حەسەنزادە ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری بۆکان بە چەقۆ کوژرا. دامودەزگا ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن کە کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی محەممەد حەسەنزادە دەستبەسەر کردووە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەمەیان وەک سیناریۆسازییەکی ئەمنی لە قەڵەم داوە و خودی ئەو دامودەزگا ئەمنییانە بە بەرپرسیاری کوشتنی منداڵەکەیان دەزانن.