سزای لەسێدارەدانی سەجاد بەندەگی، بەندکراوی خەڵکی هەرسینی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندەیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە سێدارە دراوە.

ئەم بەندکراوە کە ٣٥ ساڵی تەمەن بوو، ڕەزبەری ١٣٩٤ (نۆڤامبەری ٢٠١٥) لەگەڵ بەندکراوێکی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستاندا بە ناوی فروود گەراوەند بە تۆمەتی پێوەندەیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

فروود گەراوەند ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە درا.