ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبەر) ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان، جارێکی تر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرایەوە و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ دووەم ساڵی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، هێزە ئەمنییەکان لە شاری بۆکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەحمەد حەسەنزادەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

پێشتریش لە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ (٣٠ی جولایی ٢٠٢٤) لە کاتێکدا بنەماڵەی حەسەنزادە سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان و وێڕای پەلاماردان و لێدانی ئەندامانی بنەماڵەکە، ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادەی کچیان دەستبەسەر کرد.

دایە عەزیمەی دایکی محەممەد حەسەنزادەیش لەم هێرشەدا کەوتە بەر پەلاماری هێزە ئەمنییەکان و بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانەی قولیپووری بۆکان کرا.

ئەحمەد و سوڵماز حەسەنزادە بە ڕیز لە ڕۆژانی ١٠ و ٢٣ی گەلاوێژدا (٣١ی جولای و ١٣ی ئاگۆست) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانەکانی بۆکان و ورمێ ئازاد کران.

محەممەد حەسەنزادە ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری بۆکان بە چەقۆ کوژرا. دامودەزگا ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن کە کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی محەممەد حەسەنزادە دەستبەسەر کردووە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەمەیان وەک سیناریۆسازییەکی ئەمنی لە قەڵەم داوە و خودی ئەو دامودەزگا ئەمنیانە بە بەرپرسیاری کوشتنی منداڵەکەیان دەزانن.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.