ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٧ی مارس) تەرمی سەعید سەلووسی، کۆڵبەری خەڵکی پیرانشار کە بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا گیانی لە دەست دابوو، لە بەرزاییە سنوورییەکانی ئەم شارەدا دۆزرایەوە. هەروەها لە دوو ڕۆژی ڕابردوو و لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکاندا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی کرماشان لانیکەم هەشت کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد یووسفی، محەممەد مەحموودی، ئێحسان نەزەری، ئومید شەمسی، یاسین (پاشناو نەزانراوە)، سامان ڕوستەمی، غوڵامڕەزا فەیزی و ڕەزا نەزەری بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٧ی مارس) دوای گەڕانێکی زۆری خەڵکی خۆبەخشی پیرانشار، تەرمی سەعید سەلووسی لە بەرزاییە سنوورییەکانی «قیزقەپان»ی ئەم شارەدا دۆزرایەوە.

ئەم کۆڵبەرە کە ٣٣ ساڵان و باوکی منداڵێک بوو، ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە (٢٥ی مارس) لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییە سنوورییەکانی پیرانشاردا بە هۆی سەرما و تەمومژەوە ون بووبوو.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٧ی خاکەلێوە (٢٦ی مارس) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا ٧ کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد یووسفی، محەممەد مەحموودی، ئێحسان نەزەری، ئومید شەمسی، یاسین (پاشناو نەزانراوە)، سامان ڕوستەمی و غوڵامڕەزا فەیزی بریندار بوون.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە (٢٥ی مارس) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە مەودای نزیکەوە و بە گوللەی مەشقی تەقەیان لە کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی ڕەزا نەزەری کردووە کە بووەتە هۆی سووتانی دەموچاوی ئەم کۆڵبەرە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە حەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سۆران عەبدی و پەیمان ئەحمەدی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود کوژراون و لانیکەم ١٠ کۆڵبەریش بریندار بوون. هەروەها هەستیار عەبدولکەریمی، منداڵەکۆڵبەری خەڵکی دیواندەرە و سەعید سەلووسی، خەڵکی پیرانشار، بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا و محەممەدبایر محەممەدی بە هۆی جەڵدە و وەستانی دڵەوە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز، پیرانشار و نەوسوود گیانیان لە دەست داوە.