لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکان و هاووڵاتیانی کورد لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکانی بۆکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کاتژمێر ١٨ی شەوی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دایە مینا سوڵتانی لە شاری بۆکان و ئەم دایکە دادخوازەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

دایە مینا بە هۆی دادخوازی و چالاکییەکانیەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی گوشار و هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکان بووەتەوە.

شەهریای محەممەدی ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە بۆکان بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دوای ئەوەی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد.

لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٧ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، مەریوان، سەوڵاوا و بۆکان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە.