لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکان و هاووڵاتیانی کورد لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ڕەزا عەلایی، فیلمسازی خەڵکی بانە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا. هەروەها میلاد پیرانی و زانیار ئەفسەری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی دیواندەرە و مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) ڕەزا عەلایی لە کاتی چوونەدەرەوە لە ماڵ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە. ئەم هونەرمەندە کوردە تا ئێستا دەرهێنەریی بۆ چەندین فیلیمی کورت و درێژ کردووە کە «زەوییە چەپەڵەکان» و «بی ٦» دوان لەو فیلمانەن.

هاوکات میلاد پیرانی، خەڵکی گوندی «قەڵاکۆن»ی دیواندەرە لە ماڵەکەی خۆی لەم گوندەدا و زانیار ئەفسەریی خەڵکی مەریوانیش دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی چالاکان، هاووڵاتیان و بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تا ئێستا لانیکەم ٢١ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، مەریوان، سەوڵاوا و بۆکان و بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و ١٤ چالاکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانیش لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەوە بانگهێشت کراون.