ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردان (٢٨ی مەی) لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە و لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا، کۆڵبەرێکی ١٩ ساڵانی خەڵکی سەردەشت بە ناوی سینا ڕەسوولزادە گیانی بەخت کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردان (٢٨ی مەی) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی سەردەشت بە ناوی سینا ڕەسوولزادە کوژراوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە ١٩ ساڵەیە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا شەش کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی شوانە ئەحمەدپوور، هێمن ئەحمەدی، جەلال سوهرابی، عەتا ڕوستەمپوور، سالار ئەحمەدی و واحید قادرپوور لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، سەقز و سەردەشت بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.