تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە.
هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە پووشپەڕی ١٤٠٣دا (ژوەن و جولایی ٢٠٢٤):
- کۆڵبەران
ئەرکان باڵواسە، ئەیوب محەممەدی و کیان زەینی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، نەوسوود و سەردەشتدا کوژران.
هەروەها لانیکەم ١٧ کۆڵبەر بە دەسڕێژ و دوو کۆڵبەریش بە لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بریندار بوون.
ژمارە | ناو | خەڵکی | شوێنی ڕووداو | بەرواری ڕوودان | کوژراو – بریندار | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | ئەرکان باڵواسه | مەریوان | تەتەی هەورامانی مەریوان | ١ی پووشپەڕ | کوژراو | ۲۹ ساڵان٬ بەبێ هیچ کاڵایەک، دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
٢ | محەممەد کاکی | بانه | بانه | ٦ی پووشپەڕ | بریندار | ۲۱ ساڵان٬ دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
٣ | ئومید مورادی | مەریوان | تەتەی هەورامانی مەریوان | ٨ی پووشپەڕ | بریندار | پەلامار و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکان |
٤ | شێرزاد چاوشینی | بانه | بانه | ٩ی پووشپەڕ | بریندار | پەلامار و لێدان و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
٥ | ئیبراهیم ئیبراهیمی | سەردەشت | سەردەشت | ١٠ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
٦ | محەممەد ئالی | سەردەشت | سەردەشت | ١٣ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
٧ | سینا نادری | پاوە | نەوسوود | ١٧ی پووشپەڕ | بریندار | ۱۸ ساڵان، دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
٨ | ئەیوب محەممەدی | جوانڕۆ | نەوسوود | ١٨ی پووشپەڕ | کوژراو | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
٩ | نەوید حەسەنی | بانه | بانه | ١٨ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١٠ | مەسیح مورادی | نادیار | نەوسوود | ١٨ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١١ | ئەیوب مورادی | نادیار | نەوسوود | ١٨ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١٢ | مێهدی بەشارەتی | نادیار | نەوسوود | ١٨ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١٣ | مێهران عەبدی | نادیار | نەوسوود | ١٨ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١٤ | پەیمان وەیسی | نادیار | نەوسوود | ١٨ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١٥ | محەممەد دەری | مەریوان | نۆدشە | ٢٤ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١٦ | سیروان ڕەسوولی | بانه | بانه | ٢٥ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١٧ | ئەحمەد مەلایی | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٢٥ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١٨ | کەیوان قادری | سەردەشت | سەردەشت | ٢٦ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
١٩ | کیان زەینی | سەردەشت | سەردەشت | ٢٦ی پووشپەڕ | کوژراو | ١٩ ساڵان، دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
٢٠ | پەیمان قادری | سەردەشت | سەردەشت | ٢٦ی پووشپەڕ | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان |
- لەسێدارەدان
لانیکەم ٣ هاووڵاتیی خەڵکی هەرسین، سەرپێڵی زەهاو و شابادی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» لە زیندانەکانی عادڵئاوای شیراز و دیزڵئاوای کرماشان لە سێدارە دران.
ژمارە | ناو | خەڵکی | تۆمەت | بەرواری لەسێدارەدان | شوێنی لەسێدارەدان | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | موجتەبا کەرەمی | هەرسین | مادە هۆشەبەرەکان | ١٧ی پووشپەڕ | زیندانی عادڵئاوای شیراز | ۲۸ ساڵان |
٢ | دانیال کازمینژاد | شاباد | کوشتنی بەئەنقەست | ٣١ی پووشپەڕ | زیندانی دیزڵئاوای کرماشان | ۳۰ ساڵان٬ ۱۷ی پووشپەڕی ۱۴۰۲ دەستبەسەر کرا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی لە سێدارە درا |
٣ | خەلیل جەمالی | سەرپێڵی زەهاو | کوشتنی بەئەنقەست | ٣١ی پووشپەڕ | زیندانی دیزڵئاوای کرماشان |
- کوشتنی هاووڵاتیان
ڕێبوار ڕەشیدی، کاسبکاری کوردی خەڵکی بانە کە ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕ (٧ی جولای) لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە سەختی بریندار ببوو و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە چووبووە حاڵەتی کۆماوە، ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی جولای) گیانی لە دەست دا.
- ژنکوشتن
لانیکەم ٤ ژنی کورد بە ناوەکانی نەرمین پیرهێمن، مەرزیە غوڵامپوور، ماریا شیرمحەممەدی و ئایدا حەیدەریان لە شارەکانی سنە، بۆجنوورد و ئەیوان بوونە قوربانیی دیاردەی ژنکوشتن. نەرمین پیرهێمن و مەرزیە غوڵامپوور کە هەردووکیان قوربانیی منداڵ هاوسەری بوون، لەبەر داوای جیابوونەوە لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژران. ماریا شیرمحەممەدی لەبەر ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری لە لایەن داواکارەکەیەوە کوژرا. لەسەر هۆکاری کوشتنی ئایدا حەیدەریان بە دەستی هاوسەرەکەی هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
ژمارە | ناو | محل وقوع | تاریخ وقوع | توضیحات |
---|---|---|---|---|
١ | نەرمین پیرهێمن | سنە | ٣ی پووشپەڕ | قوربانیی منداڵ هاوسەری، بە هۆی «کێشەی خێزانی و تێکهەڵچوون لەسەر جیابوونەوە و تەڵاق» لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا. |
٢ | مەرزیە غوڵامپوور | بۆجنوورد | ١٦ی پووشپەڕ | قوربانیی منداڵ هاوسەری، دوای ئەوەی داوای جیابوونەوەی کرد لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە چوار گوللە کوژرا. |
٣ | ماریا شیرمحەممەدی | بەندەرعەباس | ٢٦ی پووشپەڕ | خەڵکی ئەیوان و دانیشتووی بەندەرعەباس، لەبەر ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری لە لایەن داواکارەکەیەوە بە گوللە کوژرا |
٤ | ئایدا حەیدەریان | سنە | ٢٧ی پووشپەڕ | ٣١ ساڵان، فەرمانبەری مانگی سووری سنە، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا |
- سزاکان
لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیی کەرەج، شەهریار، ورمێ، بۆکان، مەریوان، سنە و دێولانەوە بە تۆمەتی سیاسی ڕووبەڕووی سزای بەندکران، قامچی و دوورخستنەوە بوونەوە.
ژمارە | ناو | خەڵکی | تۆمەت | بەرواری دەرکردنی سزا | دادگای بڕیاردەر | سزا | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|---|
١ | فەرهاد شێخی | سەقز | بانگەشەی دژ بە حکومەت | سەرەتای پووشپەڕ | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کەرەج | ۱ ساڵ بەندکران، ۲ ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران، ۲ ساڵ دوورخستنەوە و ژیانی زۆرەملێ لە دیواندەرە و قەدەغەبوونی ژیانکردن لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبورزدا بۆ ماوەی ٢ ساڵ | چالاکی کرێکاری |
٢ | مورتەزا سەیدی | کامێران | پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات | ٢ی پووشپەڕ | لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شەهریار | ۲ ساڵ بەندکران | چالاکی کرێکاری |
٣ | مێهدی مەجیدی | بۆکان | پاڵپشتیکردن لە دەوڵەتی ئیسراییل٬ بانگەشەی دژ بە حکومەت و سووکایەتیکردن بە ڕێبەر | ٣ی پووشپەڕ | دادگای پیاچوونەوەی ورمێ | پەسەندکردنی سزای ۳ ساڵ بەندکران | هاووڵاتی |
٤ | مەتین حەسەنی | بۆکان | فریودان یان هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتنی یەکدی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات و بانگەشەی دژ بە حکومەت | ٥ی پووشپەڕ | لقی ۱۰۱ی دادگای کەیفەریی ۲ی بۆکان | ۳۱ مانگ بەندکران | |
٥ | خەبات وەیسی | مەریوان | بانگەشەی دژ بە حکومەت و ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا | ١٣ی پووشپەڕ | دادگای پیاچوونەوەی سنە | بەرزکردنەوەی سزا لە ۱۵ مانگەوە بۆ ۴۳ مانگ بەندکران | |
٦ | ئارام قادری | مەریوان | بانگەشەی دژ بە حکومەت لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرزاد کەمانگەر و بەشداریکردن لە گردبوونەوەی پیشەیی مامۆستایاندا | ناوەڕاستی پووشپەڕ | دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوان | ۴ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٢ ساڵ | ئەندامی ئەنجومنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان |
٧ | تەحسین موستەفا | مەریوان | بانگەشەی دژ بە حکومەت لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرزاد کەمانگەر و بەشداریکردن لە گردبوونەوەی پیشەیی مامۆستایاندا | ناوەڕاستی پووشپەڕ | دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوان | ۴ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٢ ساڵ | ئەندامی ئەنجومنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان |
٨ | سەیوان سەلیمی | مەریوان | بانگەشەی دژ بە حکومەت لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرزاد کەمانگەر و بەشداریکردن لە گردبوونەوەی پیشەیی مامۆستایاندا | ناوەڕاستی پووشپەڕ | دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوان | ۴ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٢ ساڵ | ئەندامی ئەنجومنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان |
٩ | ئارام محەممەدی | مەریوان | بانگەشەی دژ بە حکومەت لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بابەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرزاد کەمانگەر و بەشداریکردن لە گردبوونەوەی پیشەیی مامۆستایاندا | ناوەڕاستی پووشپەڕ | دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوان | ۴ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٢ ساڵ | ئەندامی ئەنجومنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان |
١١ | ئەمجەد بەختیاری | دێولان | تێکدانی ئارامیی گشتی و بانگەشەی دژ بە حکومەت | ناوەڕاستی پووشپەڕ | لقی ۱۰٢ی دادگای کەیفەریی ۲ی دێولان | ۱ ساڵ بەندکران و ٧٤ قامچی، ئەم سزایە بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەسێردراوە | مامۆستا، لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرابوو |
- دەستبەسەرکردن
لانیکەم ٢٢ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و تاران بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران. پێنج کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی نەغەدە و سنە کراون، شەش کەسیان دوای چەند ڕۆژ دەستبەسەربوون بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
لەم نێوانەدا محەممەدڕەزا قەیتەرانی و ئەسعەد کاکە پێشتریش لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرابوون.
ـ فەیزوڵڵا شادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامێران، لە شوێنی کارەکەیدا لەم شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ٢٤ کاتژمێر ئازاد کرا. دەوترێت ئەم هاووڵاتییە لە پرسەنامەی مەعسوومە دوروودیی داپیرەیدا وشەی «شەهید»ی بۆ خاڵە گیانبەختکردووەکەی بە کار هێناوە و هەر ئەمەش هۆکاری دەستبەسەرکردنی بووە. عوسمان شافیعیی خاڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە شەستەکانی هەتاویدا (هەشتاکانی زایینی) لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران گیانی بەخت کرد.
ژمارە | ناو | خەڵکی | شوێنی دەستبەسەرکردن | بەرواری دەستبەسەرکردن | بواری چالاکی | شوێنی ڕاگیران و دوایین دۆخ |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | ئیدریس دادڕەس | مەریوان | مەریوان | ٥ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە |
٢ | ئاکام خزرزادە | پیرانشار | پیرانشار | ١٠ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | دەستبسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی نەغەدە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران |
٣ | محەممەد ڕەسوولپوور | شنۆ | شنۆ | ١٢ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ بە شێوەی کاتی و بە بارمتە ئازاد کرا |
٤ | کەمال عوقابی | شنۆ | شنۆ | ١٢ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ بە شێوەی کاتی و بە بارمتە ئازاد کرا |
٥ | ئیدریس کارساز | شنۆ | شنۆ | ١٣ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ بە شێوەی کاتی و بە بارمتە ئازاد کرا |
٦ | مامۆستا دوکتور سەلام مەحموودیان | سەردەشت | ارومیه | ١٣ی پووشپەڕ | ئیمام جومعەی گوندی بێورانی خواروو | بانگهێشتکردن بۆ دادگای تایبەتی مەلاکانی ورمێ |
٧ | سەلیم زولقەڕنەین | شنۆ | شنۆ | ١٣ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | |
٨ | سابر زوالقەڕنەین | شنۆ | شنۆ | ١٣ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ بە شێوەی کاتی و بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا |
٩ | سەیوان ئیبراهیمی | سنە | سنە | ١٣ی پووشپەڕ | مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین | دەستبسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران |
١٠ | کووروش شەریفپوور | دیواندەرە | دیواندەرە | ١٤ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ بە شێوەی کاتی و بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرا |
١١ | حەمید فەرهادی | کرماشان | تاران | ١٨ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | |
١٢ | ئومید ئەحمەدی | پیرانشار | پیرانشار | ١٩ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای پیرانشار دەستبەسەر کرا |
١٣ | ئیسماعیل مەعرووفی | پیرانشار | پیرانشار | ١٩ی پووشپەڕ | هاووڵاتی و مامۆستای خانەنشین | ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕ بە شێوەی کاتی و بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرا |
١٤ | محەممەدخالید ڕەسوولزاده | پیرانشار | پیرانشار | ١٩ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | |
١٥ | سلێمان مەحموودی (قاسم چۆمەلانی) | مەهاباد | مەهاباد | ٢٠ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | |
١٦ | عەلی دانش | مەهاباد | مەهاباد | ٢٠ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | |
١٧ | محەممەدڕەزا قەیتەرانی | مەهاباد | مەهاباد | ٢١ی پووشپەڕ | لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی | |
١٨ | عوسمان دڵسۆز | پیرانشار | پیرانشار | ٢٣ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | دەستبسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی نەغەدە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران |
١٩ | هەژار دڵسۆز | پیرانشار | پیرانشار | ٢٣ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | دەستبسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی نەغەدە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران |
٢٠ | عەلی ئەڵڵاوەیسی | سنە | سنە | ٢٤ی پووشپەڕ | چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو | |
٢١ | فەیزوڵڵا شادی | کامێران | کامێران | ٢٤ی پووشپەڕ | هاووڵاتی | دوای ٢٤ کاتژمێر ئازاد کرا، هۆکاری دەستبەسەرکردنی دەگەڕایەوە بۆ بەکارهێنانی وشەی شەهید بۆ خاڵە گیانبەختکردووەکەی لە فەوتنامەی داپیرەیدا |
٢٢ | حەسەن ئەمینی | سنە | سنە | ٣١ی پووشپەڕ | ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان | دەستبسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ و نیو بەندکران |
- بنەماڵەی دادخوازان
حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
- دۆخی زیندانیانی سیاسی
ـ پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکی کورد کە بە تۆمەتی «بەغی»یەوە لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە، لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣وە (٥ی ژوەن) بە دەستووری شۆرای لێپێچینەوەی زیندان لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.
ـ دوابەدوای بڵاوبوونەوەی مێرووی جێگا (ساس /Bed bugs ) لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەدا (چاکسازیی ژنان) و پشتگوێخستنی ئەم کێشەیە لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، بەندکراوانی ناو ئەم زیندانە ناڕەزاییان دەربڕی.
- ئازادیی ئایین و مەزهەب
ـ مامۆستا دوکتور سەلام مەحموودیان، ئیمام جومعەی گوندی «بێورانی خواروو» و مامۆستا حەسەن خزری، ئیمام جومعەی گوندی «بێورانی سەروو»ی سەردەشت، بانگهێشتی بەردەم دادگای تایبەتی مەلاکانی ورمێ کران.
ـ ئایەت غوڵامی، مامۆستای سوننە و بەرنوێژی مزگەوتی «محمدالمصطفی»ی کرماشان، دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی پاراستنی ناوەندی مامۆستایانی کرماشان بە دەستووری ئەم دەزگا ئەمنییە لە بەرنوێژی دوور خرایەوە و هەرجۆرە چالاکییەکی لەو مزگەوتەدا قەدەغە کرا.
- تێکهەڵچوونی چەکداری
ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕ (٩ی جولای) هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سوپای پاسداران دوای گەمارۆدانی گوندی «تاژاندەرە»ی شنۆ لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا کەوتنە شەڕەوە. لەم تێکهەڵچوونەدا لانیکەم یەک کەس کوژرا و کەسێکی دیکەیش دوای برینداربوون لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.